چارەنوسی حاجییە دەستگیرکراوەکانی مەککە ئاشکرا کرا

تیمێکی وەزارەتی ئەوقاف دەچێتە بنکەیەکی پۆلیسی شاری مەککە و هەوڵی ئازادکردنی دەستگیرکراوان دەدات.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە لەمیانەی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی گوتی: بەهۆی ئەوەی بەشێک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافیان جێبەجی نەکرد و بە ڤیزای ساڵی گەشتیان بۆ سعودییە کرد بەداخەوە هەر ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە حاجییان و بێسەروشوێنبوونی چەندانی دیکە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنی تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەزانێت، هەموو کارئاسانییەکی بۆ کردوون.

ناوبراو لەباری ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجییان ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستە ئەوەی پشتڕاسکراوتەوە 24 حاجی هەرێمی کوردستان لە سعودییە کۆچی دواییان کردووە، هەروەها زیاتر لە دە حاجی دیکەش بێسەروشوێنن، بەڵام گەڕان بەدوای حاجییە ونبووەکانیش بەردەوامە.

باسی لەوەش کرد، وڵاتی سعودییە بە فەرمی ئێمەی ئاگادار کردەوە کە ئەو کەسانەی کۆچی دواییان کردووە مەراسیمی ناشتنیان بۆ ئەنجام دراوە و بە خاک سپێردراون.

نەبەز ئیسماعیل، گوتی : ئەو هاووڵاتییانەی کە بەبێ سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقاف هاتبوونە سعودییە واتە بە ڤیزایی ساڵی هاتبوون تووشی کێشەی زۆر بوونەوە چونکە کەس نەبوو ئیدارەیان بکات، گەشتکردن بۆ سعودییە بەو ڤیزایە زۆر مەترسیدارە و ساڵی داهاتووش مەترسیدارتر دەبێت.

لەبارەی ئەو حاجییانەی کە دەستگیر کراون، نەبەز ئیسماعیل دەڵێت: نزیکەی 10 حاجی هەرێمی کوردستان کە بە ڤیزای ساڵی هاتوون لە مەککە دەستگیر کراون، سبەی تیمێکی وەزارەتی ئەوقاف دەچێتە بنکەیەکی پۆلیسی شاری مەککە و هەوڵی ئازادکردنی دەستگیرکراوان دەدات.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دوای هاتنەوەی تەواوی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی لێکۆێنەوە پێکدەهێنرێت لەسەر ئاستی وەزارەتی ئەوقاف بە بەشداریی داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی ئەو کەسانەی کە بە ڤیزای یەک ساڵی خەڵکیان بردووەتە حەج.

گوتیشی: ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەم بوونە لە بردنی هاووڵاتییان بۆ سعودییە و تووشی کارەساتیانی کردوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێن و دەدرێنە دادگا.

ژێدەر

K24

ھەواڵی زیاتر