مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.

کاتژمێر 11:15 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران؛ بارودۆخی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قووڵییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنی تاوتوێ بکەن. وا بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ، عەلی باقری  بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاتژمێر 09:25 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی،  گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومییەوە پێشوازیی لێ کرا.

سەردانەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، 13-06-2024، عەلی باقری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە. هەفتەی ڕابردووش سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.

عەلی باقری دوای کۆچی دوایی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ڕووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێت هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر