دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەر جووتیارێک گەنمی رادەستی سایلۆکان کردبێت، دەتوانێت بچێت چەکی پارەکەی وەربگرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشتر حکومەتی عێراق بڕی شەش ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە و کە سێ ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانییەوە سێ ملیار دینارەکەی دیکەش بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لە سلێمانی و دهۆک پارەکە دابەشدەکرێت، هەر جووتیارێک لە رۆژانی رابردوو گەنمەکەی رادەستی سایلۆکان کردووە یاخود ئەمڕۆ رادەستی دەکات، دەتوانن بچێت چەکی پارەکەی وەربگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی گوتیشی، لە هەولێر کێشەیەکمان هەیە کە تاوەکو ئێستا بانکێک بۆ پێدانی پارەکە بە جووتیاران دیارینەکراوە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەردەبێت و بانکێکی بۆ دیاری دەکەین و جووتیارانی هەولێریش دەتوانن پارەکەیان وەربگرن.
نەوزاد شێخ کامیل، ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە بەردەوام دەبێت و سەرجەم جووتیاران پارەی گەنمەکانیان وەردەگرن.
ئەمساڵ بەغداد بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیانر دەدرێت بە جووتیاران.