رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە، لە 500 هەزار تۆن بۆ 700 هەزار تۆن گەنم بەرزبۆتەوە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر بە گوتی: ڕۆژی 4-6-2024 قسەم لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری بەغدا کرد، گوتیان خۆیان لە وادەی وەرگرتنی گەنم ئاگادارمان دەکەنەوە، پارەی گەنمی جووتیاران بە قۆناغ دەنێرن و ئێستا زیاتر لە ملیارێک دینار خراوەتە سەر هەژماری ئێمە، بەڵام ئەم پارەیە کەمە.
بەگوێرەی زانیاریەکان، لەو بڕە گەنمەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین پشکی بەردەکەوێت کە 282 هەزار تۆن گەنمە، هەولێر بە پلەی دووەم دێت و بڕی 228 هەزار تۆن گەنمی بۆ دیاریکراوە، دهۆک بە پلەی سێیەم دێت و بڕی 189 هەزار تۆن گەنمی لێ وەردەگیرێت.
شایەنی باسە، بۆ هەر تۆنێک گەنمی پلەیەک 850 هەزار دینار دیاریکراوە، پلەی دوو کەمتر لەو نرخە دەبێت، بەڵام ئەمساڵ گەنمی پلە سێ لە سایلۆکان وەرناگیرێت.
هەرچەندە ساڵی ڕابردوو بەغدا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی وەرگرت، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنم ڕێککەوتوون.