مەسرور بارزانی لە سۆران: پرۆژەکانمان بەردەوام دەبن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناخەی چەند پرۆژەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، “وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان لە سەرجەم دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن”. 

بەشێکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و مێهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر زۆر بە خێربێن

خۆشحاڵم جارێکی دیکە بەیەک دەگەینەوە. خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گرنگ. دوێنێش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین بووین بۆ کردنەوەی پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە.

ئێمە هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەوە بووە کە وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان لە سەرجەم دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن.

بەرنامە و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەنیا گرنگی بە شارە گەورەکان نەدرێت، بەڵکوو پێویستە لە پاڵ ئەوانیشدا شار و شارۆچکەکان گەشە بکەن و دیهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە.

دەڤەری سۆران لە زۆر ڕووەوە یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی، چونکە جیا لەوەی هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، لە ڕووی کشتوکاڵی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزاریشەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەکرێت ڕۆڵێکی دیار لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریدا دابگێڕێت. لە بواری گەشتیاریدا زەمینەیەکی زۆر لەباری هەیە و سەرقاڵی داڕشتنی دواقۆناغەکانی پلانی هەندێک پرۆژەی گەشتیارین کە ئەم ناوچەیە بە جۆرێک پێش دەخات کە هاوشانی ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی جیهان بێت و بە هەزاران دەرفەتی کار دەرەخسێنێت. 

سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە دەڤەرەکانی سۆران، بارزان، باڵەکایەتی و برادۆست پێکدێت؛ خاوەنی پێکهاتەیەکی دانیشتووانی هەمەڕەنگ و هەمەجۆرە. ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە کە لە شۆڕش و ڕاپەرینەکانی گەلی کوردستاندا قوربانییەکی زۆری داوە و ساڵانێکی زۆر مەڵبەندی شۆڕشەکانی کوردستان بووە.

ھەواڵی زیاتر