ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ى ئایارى 2024، دانیشتنەکەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و وابڕیارە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند بکرێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە ماددەی 77ـی بودجەی سێ ساڵەی عێراق و بودجەی گشتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2013، رۆژی یەكشەممە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەسەندكردنی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبنەوە و دوای پەسەندكردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح باسی لەوەشكرد، دوای ئەوەی تاوتوێی بودجە كرا و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە پەسەند كرا، راستەوخۆ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن و جێبەجێكردنی.
راوێژکارەکەی سودانی دەشڵێت، بودجەی ئەمساڵی عێراق بودجەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری نانەوتی و پیشەسازییە و بۆ ئەو مەبەستەش، خەرجیی بەكاربردنی پرۆژەكان زیاتر كراوە تاوەكو بتوانرێت بە خێرایی بەشێك لە پرۆژە گرنگەكان لەمساڵدا تەواو بكرێن.
لەدوایين کۆبوونەوەكانى شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى عێراق، لەسەر خشتەى بودجەى ساڵى 2024 گفتوگۆ کراوە، شاندى هەرێم ڕایگەیاند: “پێشنیازەکانى خۆمان داوەتە شاندى حکومەتى عێراق و تێبینییەکانمان پێ راگەیاندوون، پرسى مووچە لە ئینفاقى فعلى دەردەکرێت و مانگانە لەکاتى خۆیدا رەوانە دەکرێت”.
سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایى کە لەشاندى هەرێمى کوردستان بەشداربووە، گوتیشى”شاندەکە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق، بە ئامادەبوونى چوار وەزیر لە کابینەکەى حکومەتى سودانى کۆبوەتەوەو لەسەر خشتەکانى بودجە بۆ ساڵى 2024 رێککەوتوون”.