سه‌رۆك بارزانی: ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی چل و چوارساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە. تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە. دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدانهەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە.

پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق بە ئەركی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی جێبەجێ بكات.

لەیادی چل و چوار ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت.

مسعود بارزانی
4ی نیسانی 2024

ھەواڵی زیاتر