40٪ی دەنگدەران ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن

کێشەی پەنجەمۆر نیگه‌رانی بۆ سەدان هەزار ده‌نگده‌ر دروست کردووە، ئەگەر ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێت ٪40ی دەنگدەران ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە 20%ی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە کە دەکاتە 650 هەزار دەنگدەر کێشەی پەنجەمۆریان هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە 839 هەزار دەنگدەر کە دەکاتە 25%ـی دەنگدەران بەهۆی ئەوەی کارتی بایۆمەترییان نوێنەکردووەتەوە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

نێچیرڤان بارزانی  لە نووسراوەکەدا کە ڕۆژی 11-3-2024 ئاراستەی کۆمیسیۆنی کردووە، چەند تیبینی و داواکارییەکی خستووەتەڕوو:


– هه‌ڵه‌ و كێشه‌ی ته‌كنیكی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران چارەسەر بكرێت.
– پێویسته‌ كورسییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ زیادبكرێن.
– پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ته‌واوه‌تی له‌ باره‌گای ده‌سته‌ی كۆمیسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
– نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیا له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمیسیۆن ئامادەبێت.
– ئه‌نجامی بەرایی دەنگدان له‌ سه‌رجه‌م وێستگه‌كان ڕاستەوخۆ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی كۆمیسیۆن بڵاوبكرێته‌وه‌.

لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 950 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر