“ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بغداد ( مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی ( البنك الأردني الكويتي) کرد بە سەرۆکایەتی بەڕێز ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد”
لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆمان لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
“تیشکمان خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی . هەروەها باسمان لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ( هەژماری من) کرد و ئاماژەمان بەوە دا کە لەپەیوەندیداین لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق”
شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاست و پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگامان لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا . هەردوولا هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا.
بانکی بەغداد،یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی1992 لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی ، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەڕەبی لقی هەیە.