ئاسایشى هه‌ولێر دەستگیركردنی دوو باندی گەورەی دزی ئاشكرا كرد

ئاسایشی هەولێر لە دوو راگەیاندراوی جیادا دەستگیرکردنی دوو باندی دزیکردنی بڵاو کردەوە کە لە هەشت تۆمەتبار پێکهاتوون.

لە راگەیاندراوی یەکەمی ئاسایشی هەولێر کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی 8ی 2020، بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: “له‌درێژه‌ى كار و چالاكیه‌كانى تیمه‌كانى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان توانیمان باندێكى دزى كردن ده‌ستگیر بكه‌ین كه‌ ساڵێك پێش ئێستا له‌ گه‌ره‌كى هه‌ولێرى نوێ برى (100.000) سه‌د هه‌زار دۆلارى ئه‌مه‌ریكیان له‌ ماڵى هاوولاتى (م. ح. ر.) دزی بوو, هه‌رچه‌نده‌ تاوانه‌كه‌ ساڵێك پێش ئێستا ئه‌نجام دراوه‌ به‌ڵام تیمه‌كانمان به‌رده‌وام بوون له‌ به‌دواداچوون و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى دواى گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانه‌.

هەروەها لە راگەیاندراوی دووەمدا ئەوە خراوەتە روو، کە باندێكى چوار کەسی دزیكردنیان ده‌ستگیر کردووە، كه‌ پێش چوار ساڵ له‌ گه‌ره‌كى 5ى حه‌سارۆكان دزى له‌ ماڵى هاووڵاتى (م. ش. ش.) كراوه‌ و برى (22.000.000) بیست و دوو ملیۆن دینارى عێراقى و (375) سێ سه‌د و حه‌فتا و پێنچ مسقاڵ زێر و (4000) چوار هه‌زار دۆلارى ئه‌مه‌ریكى و (3) سێ چه‌ك له‌ جۆرى ده‌مانچه‌ دزراوه‌”.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئه‌و چوار كه‌سه‌ی ده‌ستگیركراون به‌ تۆمه‌تی ئه‌و تاوانه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یان ناوه‌ و به‌ گوێره‌ی مادده‌ى (443) له‌ یاسایى سزادان راگیراون.

هەروەها ئاسایشی هەولێر هاووڵاتیانی شارى هه‌ولێر دڵنیا دەکاتەوە كه‌ هه‌رده‌م چاوكراوه‌دەبن بۆ پاراستنى سه‌ر و ماڵیان و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكارى هێزه‌كانى پۆلیس و دام و ده‌زگا یاساییه‌كان بۆ ئه‌وى تاوانباران بگه‌یه‌ننه‌ به‌رده‌م دادگا بۆ وه‌رگرتنى سزاى یاسایى خۆیان.

ھەواڵی زیاتر