کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا رایگەیاند، “ئازادی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین بۆ کارکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دیموکراسی پێویستە و هیوداراین حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی پشتیوانی لەم ئازادییە بنەڕەتییانە”.
ئەمڕۆ شەممە، 17-02-2024، کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، کشانەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ پێشەوە و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین کە هەنگاوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێنماییە گرتووەتەبەر”.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئازادی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین بۆ کارکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دیموکراسی پێویستە و هیوداراین حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی پشتیوانی لەم ئازادییە بنەڕەتییانە”.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەرکرد و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (314) لە (28ـت کانوونی دووەمی 2024) بڵاوکرایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارە (305) لە (22ـی ئایاری 2023) بڵاوکرابووەوە و تێبینی و سەرنجی لەلایەن میدیاکاران ویاساناسان لەسەر تۆمارکرا.
بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (5117) لە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) کراوە و بڕیاریداوە لە رۆژی (2ـی کانوونی دووەمی 2024)ـەوە کار بەو رێنماییە نەکرێت و هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بری ئەوەش کار بە رێنمایی پێشوویان ژمارە 1ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە رێکخستنی فریوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.