دادگای فیدراڵی بۆ جاری دەیەم لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

وابڕیارە دادگای فیدراڵیی بۆ جاری دەیەم لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری دەیەم لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کۆدەبێتەوە. ماددەکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

رۆژی یەکشەممە، 04-02-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە کۆببووەوە؛ بەڵام  بڕیاردانی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 11-02-2024 دواخست، دیاریش نییە ئەمڕۆ سکاڵاکە بە شێوەیەکی یەکجارەکی یەکلایی دەکاتەوە یان نا.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، دواخستنی بەردەوامی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکە جێگەی گومانە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ كورسی كۆتاكان بكرێت، ده‌بێت به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بكرێت.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

ژێدەر

کوردستان24

ھەواڵی زیاتر