لەبارە سەگە بێلانەکان پارێزگاری هەولێر کۆدەبێتەوە

رۆژی سێشەممە 2024.2.6، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە پەناگەی داڵدەدانی سەگى بێلانە ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە قائیمقامی ناوەند، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرانى ڤێتەرنەرى، خزمەتگوزاریى ژینگە پارێزى، قەیرانەکانی پارێزگا، نوێنەرى تەندروستى و لایەنى دیکەى پەیوەندار ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە کاروبارەکانى شێڵتەرى ناوبراوى کۆڵییەوە و بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى ڕێرەوەى چارەسەری پزیشکی ڤێتێرنێری و ڕێکارە زانستیەکانی شێڵتەرەکە کرد، هەروەها دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەند و ستافى شێڵتەرەکە کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان.

لە تەوەرێکى تری کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لە بارەى کێشە و کەم و کوڕی و پێداویستیەکانی شێڵتەرەکە و پڕۆسەى کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کرا، ئاماژەبەوەکرا، کە بەشێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک سەگی بێلانە دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەرەکە و بەوهۆیەشەوە توانراوە ژمارەیەکى زۆری سەگى بێلانە لە ناوشار دوربخرێنەوە، ئەمەش واى کردووە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەوە زۆر کەمببێتەوە و تەئکید لە بەردەوامبوونی پڕۆسەکە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کرایەوە.

جێگەى باسە، ماوەی چەند ساڵێكە لە كوردستان بەگشتیى و هەولێری پایتەخت بەتایبەتى بوونی سەگی بێلانە لە کۆچە و کۆڵانەکانی شار مەترسی زۆریان بۆ سەرگیانی هاووڵاتیان دروستكردبوو و تا دەهات ژمارەی ئەو سەگەنەش لە زیادبووندابوون، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ‌ پەلاماری منداڵ و گەورە و پیر و بەساڵاچووانیان دەدا، هەبوونی ئەو هەموو سەگە لەناو شار جگە لەوەی ببوونە هۆی زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان، لەهەمانکاتدا دیمەنی پایتەختیان شێواندبوو و هاووڵاتیانیش هەراسان ببوون و كار گەیشتبووە ئەوەى هیچ دایك و باوكێك زاتی ئەوەى نەدەکرد منداڵەكانیان بنێرن بۆ دەرەوەی ماڵ، هەربۆیە پارێزگاى هەولێر بەگوژمەى (450 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى پارێزگا و لە سەر ڕووبەرى (20) دۆنم زەوی و بە دوورى (15) کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر، شێڵتەرێکى سەردەمیانەى بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروستکرد.

ھەواڵی زیاتر