وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، گشتاندنی دارایی ژمارە یەکی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە خەرجی و داهاتەکان، ئەگەر بودجەی ساڵی 2024 پەسندبکرێت، ئەوا ژمارەیەک خەرجی زیاددەکرێن لەوانە کرێی ئاو و کارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵی ساڵانی پێشووی فەرمانگەکان و کڕینی کەلوپەلی پێویست.
لە نووسراوەکەدا هاتووە:
1- خەرجکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای نوێکردنەوەی پێشینە بەردەوامەکانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.
2- خەرجکردنی کرێی ئاو و کارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵ بۆ ساڵانی پێشوو بەپێی پسوولەی رەسەن و تاوەکو بتوانرێت لە چوارچێوەی پێشینەی بەردەوامی مانگانە لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنامەی یاداشتی رێگەپێدان خەرجبکرێت.
3-کڕینی کەلوپەلی زۆر پێویست و گرنگ لەچوارچێوەی پێشینەی بەردەوامی مانگانە بەپێی پێداویستی فەرمانگەکە لەرێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنامەی یاداشتی رێگەپێدان خەرج بکرێت.
4-خەرجیی مانگانەی پاککردنەوە و خواردنی نەخۆشخانەکان و خواردنی بەندییەکان و خاوێنکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و فڕۆکەخانەکان و کرێی ئۆتۆمبێل و یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە بەجیا لەپێشێنەی بەردەوامی مانگانەی فەرمانگەکان خەرج دەکرێت لە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS).
5-راگرتنی سەرجەم پاداشت و هاوکارییەکان، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان.
6- بەخشینی تایبەت پێویستە تەنیا لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنەمای یاداشتی رێگەپێدان پێشکێشی گەنجینەی پەیوەندیدار بکرێت بۆ خەرجکردنی.
7- هەر پڕۆژەیەک کە لەچوارچێوەی بودجەی ئاسایی جێبەجێ بکرێت وەکو “خواردن، پاککردنەوە، خاوێنکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و خاوێنکردنەوەی بەشە نێوخۆییەکان و کرێی گواستنەوەی ئارد و ئازووقەی مانگانە و چاککردنەوەی ئامێرەکان و هی دیکە، دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بێت و لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) پێشکێش بکرێت، بەپێچەوانەوە وەزارەت بەرپرسیار نابێت لە خەرجکردنی جگە لەوانەی لە رێنمایی ژمارە 13ـی ساڵی 2019دا هاتووە.
8- لیژنەی کڕین:
– تاوەکو سێ ملیۆن دینار لە رێگەی لیژنەی کڕین.
– بڕی زیاتر لە سێ ملیۆن تاوەکو 10 ملیۆن، لەرێگەی لیژنەی کڕین و بە هەبوونی سێ خستنەڕوو.
– لە 10 ملیۆن زیاتر (کڕین یاخود پڕۆژە) لە رێگەی کەمگەرییەوە دەکرێت.
9- داهاتەکان: کاربکرێت بە رێنماییەکانی ژمارە یەکی ساڵی 2020 بە رەچاوکردنی نووسراومان ژمارە 15035 کە پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دوای نوێکردنەوەی بەشە داهاتی وەزارەتەکان لەلایەن وەزارەتمانەوە.
10- وەزارەت هیچ پابەندبوونێکی یاسایی و کارگێڕی و دارایی ناکەوێتە ئەستۆ بۆ هەر خەرجییەک کە لە دەرەوەی پێشێنەی بەردەوامی مانگانە دەکرێت، وەکو گرێبەستکردن و کڕین، کە رەزامەندی پێشوەختەی وەزارەتی نییە، وەزارەت بەرپرس نییە لە خەرجکردنی.
11- نابێت بەبێ رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ فەرمانبەرێک شاند و سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، بەپێچەوانەوە هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناکەوێتە ئەستۆی وەزارەت.
12- بەمەبەستی بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل، کار بە رێنماییەکانی ژمارە یەکی ساڵی 2018 دەکرێت بە رەچاوکردنی سەرجەم بڕگە و خاڵەکانی جگە لە خاڵی 8ـی رێنماییەکە.
13- هەموو ئەو خەرجییانەی پەیوەستن بە بودجەی بەکارخستن لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ تەنیا بەشێوەی دیجیتاڵی لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنامەی داراکاری خەرجی ئاڕاستەی وەزارەتمان بکرێت، بەرەچاوکردنی گشتاندنی ژمارە 17ـی ساڵی 2022 و هەر داواکارییەک بەشێوەی کاخەزی ئاڕاستەمان بکرێت، رەتدەکرێتەوە.
14- داواکردنی خەرجکردنی پێشینەی مانگانە لە گەنجینەکان لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکان دەبێت، تەنیا بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS)ـەوە بکرێت، بەپێچەوانەوە لە خەرجکردن بەرپرس نابن.
15- ئەو خەرجییانەی لەلایەن وەزارەتەوە رەزامەندییان لەسەر دەدرێت، لەسەر بودجەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان زیادبکرێت بە هاوتای زیادکردنی تەرخانکردنی رێژەی 1/12ـی خەرجیی فیعلی ساڵی 2023.
16- لەکاتی زیادکردنی پێشینەی مانگانەی هەر فەرمانگەیەک لەلایەن وەزارتی داراییەوە، بڕی زیادکراو لە پێشینەی مانگانە زیاد دەکرێت لە چوارچێوەی 1/12ـی خەرجیی کردەیی ساڵی 2023 و نابێت لەسەر کۆی گشتی ئاستەکان تێپەڕبکات.
17- ئەگەر لەسەر ئاستی “فەسڵەکان” تێپەڕبوون هەبوو، ئەوکات لەسەر کۆی گشتی ئاستەکان هەژمار بکرێت.
18- دەبێت لەکاتی پەسەندکردنی بودجە بۆ ساڵی 2024، رەچاوی زیادکردنی خاڵەکانی دوو و سێی سەرەوە بکرێت.
19- هەر داواکارییەک پێشکێشی وەزارەت دەکرێت و رەزامەندی وەردەگرێت، پێویستە لەسەر سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) بگۆڕدرێت بۆ یاداشتی رێگەپێدان و لەسەر بەرنامەی یاداشتی رێگەپێدان پێشکێشی گەنجینەکان بکرێت، بەپێچەوانەوە گەنجینەکان بەرپرس نابن لە خەرجکردنیان.
20- جگە لە خاڵەکانی یەک و و سێی سەرەوە، هەر خەرجییەکی دیکە کە داوا دەکرێت، دەبێت بە رەزامەندیی وەزارەت بێت.
21- جگە لە خاڵەکانی یەک و سێی سەرەوە، هەموو خەرجی کە بەهاکەی بە دراوی بیانیی دۆلار بێت، پێویستە رەچاوی گشتاندنی وەزارەتی تایبەت بە نرخی گۆڕینەوە دراوی بیانی بکرێت.