گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشرەو دزەیی کۆتایی هات
بەرگری شارستانی هەولێر: چارەنووسی کارگوزارە فلیپینییەکە دیار نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-01-2024، کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، رایگەیاند، “دوای زیاتر لە هەفتەیەک کارکردن؛ پڕۆسەی پشکنین و گەڕان بۆ دۆزینەوە تەرمی کارگوزارە فیلیپینییەکە (میشێل) کۆتایی هات. بەداخەوە تەرمەکەی نەدۆزرایەوە و چارەنووسی نادیارە”.
هاوکات عەقید کۆچەر عەبدوڵڵا لە بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، “لەماوەی ئەم هەفتەیەدا تەنها چەند پارچەیەکی بچووکی جەستەی کەسێکمان دۆزیوتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێرمان کردووە بۆ ئەوەی بەراورد بکرێن لەگەڵ جەستەی قوربانیانی دیکەی بۆردوومانەکە”.
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر؛ لە سەرەتای هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 300 کارمەندی بەرگریی شارستانیی هەولێر بەشدارییان لە پڕۆسەی گەڕان و پشکنیندا کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.