شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی چوار رۆژی بەفر و باران دەکات.

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی، ڕایگه‌یاند: له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 22/1/2024ـه‌وه‌، ھەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی دۆخێکی ناجێگیری کەشوھەوا، کە لەئەنجامی کاریگەریی دوو نزمەپاڵەپەستۆ لە دەریای ناوەڕاست و سوور سەرھەڵ دەدات و تاوەبارانی پچڕپچڕ بە رێژەی جیاواز لە ناوچەکاندا دەست پێدەکات، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت و ھەندێک کاتیش ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و بارینی تەرزە دەبێت لەکات و شوێنی جیاجیادا، به‌ چەند قۆناغێك ئەم ناسەقامگیرییە تا 26ی مانگ بەردەوام ده‌بێ و تەنیا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری بارینی بەفر دەبێت.

ئاراس جه‌بار، ڕاشیگه‌یاندووه‌: لە 22ی مانگەوە چاوەڕوان دەکرێت نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەری گەشە بکات بەسەر وڵاتانی باکووری ئەوروپا و دواتر لەرۆژانی 24 و 25 مانگ بەھۆی چالاکبوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەکی بەھێز لەسەر ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای ئەورووپا، ئەگەر ھەیە ئەو نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەرییە بە ئاڕاستەی رۆژھەڵاتی ئەورووپا جووڵە بکات و پێشبینی دەکرێت لە 26ی مانگ بگاتە سەر تورکیا و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەنجامی ئەم نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەرییە لە 26ی مانگەوە دەردەکەوێت لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەھاتنی شەپۆلێکی چڕی بەفر و بارانبارین و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و چوونە نێو قۆناغی سەرماوسۆڵەی زستان، کاریگەری ئەم شەپۆلەش بەبەفر و باران تا 28ی مانگ بەردەوام دەبێت، پێشبینیی بارینی بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت لەگەڵ ئەگەری دابەزینی بەفر بۆ سەنتەری سلێمانی بە تایبەت لەرۆژانی 27 و 28ی مانگ و بە گشتی ئەو شوێن و شارانەی بەرزییان زیاترە لە 700 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوه‌، کەش لەبار ده‌بێت بۆ بارینی بەفر، بەھۆی مانەوە و جێگیربوونی بارستەھەوا ساردەکە لەسەر ناوچەکانمان تا سەرەتاکانی مانگی داھاتوو پلەکانی گەرما بەنزمی دەمێننەوە و سەرماکە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام دەبێت و ئەگەر گۆڕانکارییش روو نەدات، شەپۆلی دیکەی بەفربارین لەسەرەتای مانگی داھاتوودا دەبێت.

ھەواڵی زیاتر