ژووری بازرگانی و پیشەسازی داواى بایکۆتکردنى کاڵاى ئێرانى دەکات

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داوا لەسەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان بەگشتی دەکات، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵا ئێرانییەکان بکەن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە پەیامێکدا بۆ سەرجەم بازرگانانى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، “هەموو لایەك دەزانن لەشەوی 15/16ی ئەم مانگە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بەمووشەك هێرشێکی ناڕەوا کرایەسەر شاری هەولێر”.

ئەوەش روونکراوەتەوە، “لە هێرشەکە کە بەئاڕاستەى شوێنی نیشتەجێی سڤیل بوو و ماڵی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی کرایە ئامانج، کە سەرمایەدارێکی ناودار و دیاری شاری هەولێرە و ئەندامێکی کارای ژوورەکەمانە، بەداخەوە خۆی و منداڵێکی تەمەن یەك ساڵ و شەش مانگ شەهیدبوون و ئەندامانی دیکەى خانەوادەکەی برینداربوون”.

جەختیش کراوەتەوە، ئەوە یەکەمینجار نییە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر و بێبنەما بە درۆن و مووشەك هێرشی دەکرێتەسەر، بێگوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پڕەنسیپی مافەکانی مرۆڤ و دەربڕینی ناڕەزایی و سکاڵاکان هێرشەکان بەردەوامیان هەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، مەبەست لەو هێرشانە تێکدانی ئارامی هەرێمی کورستانە ئەگەرچی بازاڕێکی گرنگی ساغکرنەوەی بەرهەمەکانیانە کە رۆژانە هاوردەی کوردستان و عێراق دەکرێت.

ئەگەرچی پەیوەندیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەهێز لە نێوان کودستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە بەڵام بەردەوام بوونی ئەو هێرشانە ناچاری کردین کە چیتر بێدەگ نەبین بۆیە داوا لەسەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی و پیشەسازی داواى لە هاوڵاتیان بەگشتی دەکەن بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵا ئێرانیەکان بکەن و پەیوەندیە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر

ھەواڵی زیاتر