عێراق سکاڵا لە دژی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر تۆمار دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سکاڵای دژی ئێران له ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند “سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق سکاڵای دژی ئێران له ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد، هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و بێتاوان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی نێردەی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاکەی پێشکەشی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە سکاڵاکەیدا هێرشەکەی شەوی دووشەممەی سەر شاری هەولێر بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و ئاسایشهكهی وەسف کردووە.