پەیامێک لە ئەژی ئەمینەوە

سڵاو لە هەولێرى هۆلاکۆبەزێن و هەموو کوردێکى خۆڕاگر..

هێرشى ترسنۆکانەى دوور لەهەموو یاسا و ئەخلاقى سیاسیى و نێودەوڵەتیى و ئاینیی وڵاتێکى دراوسێى هەرێمى کوردستان بەتوندى ئیدانە دەکەم. ئەگەر ئەوان خەیاڵى ئەوە دەکەن بە هێرش و پەلامارى ترسنۆکانە، بەبیانووى نائەخلاقى و بێبنەما، بیانەوێت ئیرادەى گەلەکەمان بڕووخێنن، ئەوا گرەوى شکستخواردووى چەند ڕژێمى ناوچەکە شایەدى ئەوەن گەلەکەمان تا دوادڵۆپى خوێن لە خەبات بەردەوام بووەو دەبێت، دوژمنانیش شوێنیان زبڵدانى مێژووە. گەلەکەمان هەزاران شەهیدى داوە، بەڵام هەرگیز لە خەباتى کوردایەتی کۆڵنادەین.

ئەگەر بەرپرسانێکى بەویژدان لەناو حکومەتى عێراقدا هەن، ئەوا پێیاندەڵێم سەرکردایەتى سیاسیى عێراق ئاگاداربکەنەوە کە چیتر بەم بێڕەوشتییە حکومڕانى عێراق ناکرێت. هەموومان باش لەو یارییە تێدەگەین کە هەندێ هێزى سیاسیى و ئەمنیى عێراق پشتیوانیى جموجوڵى هەندێ گروپى مافیاى تیرۆریستیى داواکراوى نێودەوڵەتى دەکەن و لەژێر چەترى حکومەتى عێراق و دامودەزگاکانیدا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان و ناوچە مەدەنییەکانى هەرێمى کوردستان. دەبێت وڵاتانى دراوسێ و بەرپرسانى ئێستاى حکومەتى عێراق وانەیەک لە مێژووى شکستخواردووى ڕژێمى پێشوو وەربگرن.

سەرکردایەتى سیاسیى و مەزهەبى عێراق و وڵاتانى دراوسێ ئاگاداردەکەینەوە، با بەوە تێنەکەون کە هەندێ کەس لەناوخۆى هەرێمەوە دەستیان لەگەڵدا تێکەڵ بکەن، ئەو کەمینەیە هەرگیز نوێنەرایەتى میللەتى کورد و ئیرادەکەى ناکەن. گومانى تێدانیە، چارەنووسى ئەوانەى خیانەت لە میللەتى خۆیان دەکەن، سەرشۆڕى و زبڵدانى مێژووە.

باوڵاتانى دراوسێى هەرێم چیتر پەتى ئارامیى گەلى کورد تاقینەکەنەوە. چاومان لەسەریانە و باش دەزانین خەریکى چین.

پرسەو سەرەخۆشى خۆم ئاڕاستەى کەسوکارى شەهیدانى هێرشەکەى هەولێر دەکەم. خواى گەورە سەبووری کەسوکاریان بدات و شیفاى بریندارانیش بدات.

ئەژى ئەمین

١٦ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر