نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رایگەیاند بڕیاری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە درا “بەڕای ئێمە سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەری کێشەکان” لە نێوان هەولێر و بەغدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 14-1-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا لەبارەی سەردانە دوو رۆژییەکەی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان گوتی “کۆمەڵێک دیدارمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە، ئەم دیدارانە دەبێت بەشێوەیەکی سرووشتی وەربگیرێن، مادام ئێمە لەو جوگرافیایە دەژین.”
سەبارەت بە بابەتەکانی گفتوگۆی، رایگەیاند دوو بابەت یەکەمیان قووتی خەڵک و دووەمیان مەسەلەی ئەمنی، “بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانمان بوون”..
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “سەبارەت بە مەسەلەی قووتی خەڵکی کوردستان، بە بۆچوونی ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئیلتزاماتەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جیبەجێ کردووە و دەبێت بەغدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ پارێزگەکانی دیکە دەکات بە هەمان شێوەش بێت لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆکوەزیران تەفاهومێکی باشی بۆ ئەو بابەتە هەبووە و وەک دەزانن بە سوپاسەوە بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران، کە هەرچەندە لە ئەجێندای کۆبوونەوەش نەبووە، بەڵام بە پەرۆشەوە بڕیار لەسەر ناردنی پارە دراوە و بە رای ئێمە سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەری کێشەکان.”