ڤیدیۆ.. خێزانێکی دهۆک دوای 45 ساڵ بە دوو کچی رفێندراویان شاد دەبنەوە

ئەندامێکی خانەوادەی خالید کۆچەر باسی لە دۆزینەوەی خوشکەکانی کرد و رایگەیاند، لە ساڵی 1979 هەردوو خوشکەکەی لەلایەن رژێمی پێشووتری عێراقەوە رفێندران و بە سووریا فرۆشران. گوتیشی: “خۆشبەختانە دوای 45 ساڵ بە سەربەزی گەڕانەوە بۆنێو خانەوادەکەمان”.

مەسعود خالید کۆچەر، برای ئەو دوو ئافرەتەی کە لەلایەن رژێمی پێشووتری عێراقەوە رفێندرابوون، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە چیرۆکی رفاندنی هەردوو خوشکەکەی کرد و رایگەیاند، لە ساڵی 1976 باوکم خالید کۆچەر پێشمەرگە بوو، رژێمی بەعس هەمیشە فشارێکی زۆری لە باوکم دەکرد کە خۆی رادەست بکات و واز لە پێشمەرگایەتی بهێنێت.

ناوبراو، ئاماژەی بەوەدا، رژێمی بەعس، دواتر کەسوکاری باوکم، دایک، برایەکانی و کەسە نزیکەکانی دەستگیرکرد و بردیانی بۆ زیندان بەردەوام ئازار و ئەشکەنجەی دەدان، تەنیا ئامانجیان ئەوەبوو باوکم خۆی رادەست بکات. گوتیشی: ئەم کارەساتەی کە بەسەر ئێمەدا هات، لەگەڵ کەسوکاری هەموو پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان و ئەیلوولدا کراوە، هاوکات ئەم کارەساتەش هیچی کەمتر نییە لە ئەنفالکردن.

برای دوو ئافرەتە رفێندراوەکە، هەروەها راشیگەیاند، لە ساڵی 1979 هەردوو خوشکەکەم لەلایەن رژێمی پێشووتری عێراقەوە رفێندران و بە وڵاتی سووریا فرۆشران.

باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 1979 کاتێک خوشکەکانم رفێندران یەکیان تەمەنی چوار ساڵ بوو، ئەویتریان تەمەنی شەش ساڵ بوو.

مەسعود خالید کۆچەر، دەڵێت: “دوای ئەوەی خوشکەکانم بە وڵاتی سووریا فرۆشران، خوشکێکم لە ساڵی 1999 چوو بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، خوشکەکەی دیکەم لە ساڵی 2011 چوو بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، هەروەها هەردوو خوشکەکەم هاوسەرگیریان کردووە و کە هەردوو زاوەکەم کوردی رۆژئاوان”.

ناوبراو گوتیشی: لە وڵاتی ئەڵمانیا لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی دەرکەوت کە هەردوو ئافرەت خوشکی منن و دواتر ئێمە ئاگادارکراینەوە لەسەر ئەو بابەتە، خۆشبەخاتنە ئەمڕۆ دوای 45 ساڵ بە خانەوادەکەمان شادبوونەوە.


https://www.facebook.com/kurdistan24/videos/722321566489587

ھەواڵی زیاتر