گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەدات و دەڵێت، “لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیاردەدەن و پشت بە زانیاریی فەلەكناسی نابەسترێت”.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەر بڕیارێك سەبارەت بە دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان یاخود جەژن بدرێت لەلایەن لیژنەی باڵای بینینی مانگەوە دەدرێت كە چەند لیژنەیەكی لاوەكی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان هەن و دوا بڕیار لەسەر دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان یاخود جەژن دەدەن.
گوتیشی، “پشت بە هیچ زانیارییەكی فەلەكناسی نابەسترێت و مانگی رەمەزان دەكەوێتە مانگی ئازاری ساڵی داهاتووەوە، بەڵام تائێستا یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیارینەكراوە و بەنزیكبوونەوە لەو وادەیە لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیاری كۆتایی دەدەن”.