سەرجەم مامەڵە داراییەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی
حەیدەر مەجید، وتەبێژى ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رایگەیاند: “لەسەرەتاى ساڵى 2024ـەوە سەرجەم مامەڵە داراییەکان لە هەموو دامەزراوەکانى حکومەت بە شێوەى ئەلیکترۆنى دەبن، لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنى پارەدانەوە.
دەشڵێت: “ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گشتاندنێکى بۆ سەرجەم لایەنە فەرمییەکان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان دەرکردووە کە کارتى ئەلکیترۆنیی پارەدانى کى کارت، ماستەر، ڤیزا کارتیان هەیە، نابێت لە رێگەى ماڵپەڕەکانەوە مامەڵەى ناڕوونى پێبکەن و نابێت ئەو کارتانە لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە بەشێوەیەکى نافەرمى بەکاربهێندرێن و ژمارەى نهێنییەکانیان بدرێتە کەسانى دیکە، ئەگەر ئەوە بکرێت، ئەو کەسە سزا دەدرێت کە بە نافەرمى مامەڵەى بەو کارتانەوە کردووە.”
حکومەتى عێراقى دەیەوێت زۆرینەى مامەڵە داراییەکان لە عێراق بکاتە سیستمى ئەلیکترۆنى بۆ رێگرى لە بە قاچاخبردن و سپیکردنەوەى پارە.
ئاماژەى بەوەشدا، تێڕوانینى حکومەت وایە کە سەرجەم مامەڵە داراییەکان لە فەرمانگە حکومییەکاندا بکرێتە ئەلیکترۆنى.
ژێدەر: ٧رۆژ