ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە نەینەوا

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و حەوت کورسیی بردووەتەوە و چاوی لە کورسیی هەشتەمە، هاوپەیمابیی نەینەوا لیئەهلیهاش بە سەرۆکایەتیی نەجم جبووری، پارێزگاریی پێشووی نەینەوا پلەی دووەمی هێناوە.

بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزی یەکەمە لە پارێزگای نەینەوا، پارتی 7 کورسی مسۆگەرە کردووە، چاوی لە هەشتەمینە، بەتایبەتی دەگوترێت ئەو کریستیانەی کورسی کۆتای مسۆگەر کردووە لە پارتی نزیکە.

هاوپەیمانیی نەینەوا لیئەهلیها بە سەرۆکایەتی نەجم جبووری، 6 کورسی بەدەستهێناوە و چاوی لە کورسیی حەوتەمە. هاوپەیمانی تەقەدوومی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 4 کورسی، هاوپەیمانی سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر 3 بۆ 4 کورسی، هاوپەیمانی عەزم 1-2 کورسی، هاوپەیمانی حەدبای لایەنە شیعەکان 1- 2 کورسی و بزووتنەوەی بابلیونیش بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی کورسییەکی هێناوە.

دیارترین بەربژێرەکانی پارتی کە وەک دەرچوو ناویان دێت بریتین لە: فارس بریفکانی، ئەحمەد دووبەردانی، شێخ ئەحمەد کیکی و یەریڤان مەهدی.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە لەگەڵ 3 کورسی کۆتای کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک.

ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگەی موسڵ 1,795,292 بوو، ژمارەی ئەوانەی دەنگیانداوە 967,435 کەس بووە و رێژەی دەنگدانیش 53٪ بووە.

ھەواڵی زیاتر