لاھور شێخ جەنگی بۆ کەرکووکیەکان: ئێوە ببنە پارێزەری سەنگ و پێگەی خۆتان

کەرکوکییە ئازا و بەهەڵوێستەکان، خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی شەنگال و شێخان و مەخموور و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی.

چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویست، ئێوەی قوربانی و ماندوو و برینداری دەیان ساڵەی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و سیاسەتە هەڵە و نابەرپرسیارەکانی دەسەڵاتەکانی دوای ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، بڕۆنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانتان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەتان دیاری بکەن.
بەم بۆنەیەوە دەمەوێت وەک بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانم بە تکایەکی برایانە پێتان بڵێم؛ کە ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا.
لە کاتێکدا جارێکیتر جەخت لەوە دەکەمەوە کە هەنگاوی هەرە گرنگ بەشداری ئێوەی ئازیزە لە هەڵبژاردنەکاندا، تکا لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی دەنگدەران دەکەم کە بۆ دەنگدان بە کاندید ئێوە دەتوانن بە هۆشیاریی و ئاگاییەکی باڵاوە دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن کە پێتان وایە دەتوانن دڵسۆزانە خزمەتی خۆتان و شارەکەتان بکەن، گرنگ ئەوەیە بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن کە شایستەی ئەوە بن لە ئەنجوومەنێکى خزمەتگوزاریی و بە هاوبەشى لەگەڵ ئەندامانى دیکەى ئەنجوومەن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و پاڵپشت بە بنەماکانى ئاشتی و پێکەوەژیان ئەنجوومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە .
لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێوە بەرپرسیارانەتر لەو حیزب و کەسانە مامەڵە بکەن کە هیچ ڕێزیک بۆ پێگەی کەرکوک و قوربانییەکانی ئێوە دانانێن، ئێوە ببنە پارێزەری سەنگ و پێگەی خۆتان لە ئێستا و ئایندەی شارەکەتاندا.
برا و دڵسۆزتان
لاهور شێخ جەنگی

ھەواڵی زیاتر