راکان جبووری سێ بەرپرسی کوردی لە کارەکانیان دوورخستەوە
بە بڕیارێكی راکان جبووری، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك هەریەك لە قائیمقامی ناوەندی كەركووك و قائیمقامی قەزای دووبز، لەگەڵ بەڕێوبەری ناحیەی سەرگەڕان لە كارەكانیان دوورخرانەوە.
كامیل ساڵەیی، قائیمقامی ناوەندی كەركووک بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی تەلەفۆن ئاگەدار کراینەوە کە بە بڕیارێكی پارێزگاری كەركووك من و هەریەكە لە عەبدوڵڵا نوورەددین قائیمقامی قەزای دووبز، لوقمان حوسێن، بەڕێوبەری ناحیەی سەرگەڕان، لە کارەکانمان دوورخراوینەتەوە، بەو پاساوەی کە ئێمە دەواممان نەكردووە، بۆیە تانە لە بڕیارەكە دەدەین.
کامیڵ ساڵەیی دەشڵێت “من مۆڵەتم و مۆڵەتەکەم لە ڕۆژی یەکشەممە 2020/9/20 کۆتایی دێت. ھەروەھا لە قبوڵنەکردنی مۆڵەتەکەشم ئاگادارییان نەکردوومەتەوە، ھەروەھا بڕیارەكەش بۆ بەغدا نەنێردراوە و تەنها ئاڕاستەی ژمێریار و وردبینی و نووسینگەی پارێزگار كراوە، ھەر بۆیە لە زووترین كاتدا تانە لە بڕیارەکە دەدەم و قبوڵی ناكەم، چونكە دورخستنەوەکەمان سیاسییە. “.
کامیڵ ساڵەیی وتیشی “سەبارەت بەوەی كە تانەدان لە بڕیارەكە سوودی دەبێت بە باڵکێشی وت “بەڵێ، چونكە بڕیار هەیە لە لایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە كە پارێزگارەكان بۆیان نییە دەست لە كارەكانی قائیمقامەكان و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكان وەربدەن”.
ھەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی باڵکێش ھەیەتی، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر پرسی لادانی بەرپرسانی كورد لە كەركووك و كێشەی زەویوزار و ھەندێک پرسی دیكە، بانگهێشتی راکان جبووری، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك و چەند بەرپرسێكی ئیداری لە پارێزگاكە بۆ پەرلەمانی عێراق دەكات.