ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دوایین پێشهاتی بەشەبودجە، مووچە و دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 06-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
بڕیارە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی جێگری سەرۆکوەزیران پشتبەستوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە راسپاردنی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پرسی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان و خستەڕووی راسپاردە و چارەسەرەکان دەخرێتەڕوو.
بڕیارە لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بخرێتەڕوو.
گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023، تۆڕی گشتیی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کوژاوەیەوە و وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی کوردستان كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەتی كارەبا پاش چەند کاژێرێک کێشەکەیان چارەسەر كرد.
ئەوەی کە پەیوەندی بە مووچەوە هەیە، تاوەکو ئێستا 700 ملیار دینارەکە لە بەغداوە نەنێردراوە و ئەوەش وایکردووە، دابەشکردنی مووچە دەستپێنەکات.