دوای ئەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق خۆیان وەکو موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، شەوی رابردوو بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و “راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکاوە.”
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی میدیایی رووداوی گوت، “ئەو زانیارییانە رەت دەکەینەوە و هیچ هێرشیک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.”
هاوکات بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە شەوی رابردووەوە بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند گەشتێک لەنێوان هەولێر و ئیستەنبووڵ، عەممان، دۆحە و بەسرە بێ کێشە بەڕێوەچوون و ئاماژە بە دواخستنی هیچ گەشتێکێش نەکراوە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی قاهیرە – هەولێر کە پێویست بووە کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.