مەسرور بارزانی بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت

سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە ڕۆژانی 12/2-1 لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا ، ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر جیهان.

ھەواڵی زیاتر