لە سلێمانی 55 ئەندامی داعش دەستگیرکران کە سێیان ئەمیرن

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، “55 تیرۆریست و ئەندامی داعش”یان لە کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێن دەستگیرکردووە کە سیانیان ئەمیرن.

ئەمڕۆ هەینی 17-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێنج گرووپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکەن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکەن؛ سێ ئەمیریش دەستگیر دەکرێن و شکست بە مەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لە چەندین شاردا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن”.

لە راگەیێندراوەکەدا کە پەیجی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان دەرکەوتووە، “تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە چەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا”.

ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “پاش رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجووڵەکانی تیرۆریستانی داعش، سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و شەونخونی هێزەکانمان پشتبەستوو بە بەڵگە و زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنووستووەکانی تیرۆریستانی داعش دەستکەوت، تەواوی جموجووڵەکانیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان خرانە ژێر چاودێری وردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گرووپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکرا”.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، “لە دەیان ئۆپەراسیۆندا 55 تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕ و گرووپە نەنووستوەکانی داعش بوون لە کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێن دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرە تاوانبارن”.

ئاسایش باسی لە گرووپەکان کردووە و بە پێنج تۆڕ ناوی هێناون.

ئەمەی خوارەوە دەقی ناساندنی گرووپەکانە لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا:

تۆڕی یەکەم؛ گرووپی گەرمیان – کەلار، زانیاری لەسەر ئەندامانی گرووپەکە و کردەوە تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان 12 تیرۆریستە و فکری تووندڕۆیی و تیرۆریان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە، پەیوەندییان لەگەڵ خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعش بەستووە، مەرامیان بوو گرووپەکانیان فراوان بکەن؛ لە ئامادەکاریشدا بوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک کە لە رۆژانی 6 تاوەکو 31ـی مانگی ئاب – 12،13،18ـی ئەیلوولی 2023،  لە 12 هەڵمەتی جیاجیادا ئەمیر و ئەندامانی گرووپەکە دەستگیرکران.

تۆڕی دووەم؛ گرووپی سلێمانی زانیاری لەسەر ئەندامەکانیان و تاوانکارییەکانیان

ژمارەیان 17 تیرۆریستە و پەیوەندی راستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییان بۆ چەکدارانی داعش کردووە، لە خۆڕێکخستندا بوون و لە باخێکدا مەشقی سەربازییان پێکرابوو، پیلانیان دانابوو بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی، لە هەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدا بوون بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەرامەکانیان لە ( 21 و 31ـی مانگی 10ـی 2023 لە 17 هەڵمەتی سەرکەوتوودا تیرۆریستانی ئەم گرووپەش دەستگیرکران. هاوکات هەردوو تیرۆریست (ئـ، خ) و (ک، ج) لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی کە لە رێگەی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتی پەیوەندی نێوان گرووپەکانیان دەکرد، دەستگیرکران کە راستەوخۆ  پەیوەندییان بە گرووپی کەرکووکەوە هەبوو، پێشتر ئەم دوو تیرۆریستە هەرە تاوانبارە لە خۆکووژەکانی تیرۆریستانی داعش بوون؛ هەروەها هەر لەناو گرتووخانەش دەستگیرا بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکانیان کە بەکاریان هێنابوون؛ تیرۆریستی هەرە تاوانبار (هـ، م) ئەمیری گرووپی سلێمانی بوو.

تۆڕی سێیەم؛ گرووپی کەرکووک – سەڵاحەدین – دووزخورماتوو، زانیاری لەسەر ئەندامانی شانە نەنووستوەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان حەوت تیرۆریستە، سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردووە و شوێنیان بۆ داڵدەدانی شانە نەنووستوەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ تیرۆریستان؛ پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە کەرکووک ئەنجام بدەن، دوای چاودێریکردنی وردیان و پێش ئەنجامدانی کارە تاوانکارییەکانیان لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری هێزە عیراقییەکان (دەزگای دژەتیرۆر، بەشی هەواڵگری دووزخورماتوو) هێزی تایبەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، لە حەوت هەڵمەتدا لە رۆژانی 3، 8و 15ـی مانگی 10ـی 2023، لە کەرکووک و دووزخورماتوو دەستگیرکران، کە تیرۆریستی هەرە تاوانبار و ئەمیری گرووپەکە لە کەرکووک (ر، م) لەو هەڵمەتانەدا دەستگیرکرا.

تۆڕی چوارەم؛ گرووپی هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزوور. زانیاری لەسەر ئەندامانی شانە نەنووستوەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان 13 تیرۆریستە لە خۆڕێکخستندابوون و بەشداری چەند خولێکی مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک کردووە و خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنوورەکانیان؛ پێشتریش ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گرووپە رۆیشتوونەتە ناو چەکدارانی تیرۆریستی داعش و رێنیشاندەر و هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش و داڵدەدانیان و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان؛ لە رۆژانی 17 و 31ـی مانگی 10 و 7ـی مانگی 11ـی 2023 لە هەڵەبجە، ناڵپارێز لە پێنجوێن و سەیدسادق لە 13 هەڵمەتدا پلانیان بۆ دانرا و دەستگیرکران.

تۆڕی پێنجەم؛ شەش تیرۆریست بوون کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە گرووپی کەرکووکەوە هەبوو، لە رۆژانی 12 و 14ـی مانگی 10ـی 2023دا لە شەش هەڵمەتدا لە سلێمانی دەستگیرکران، کە ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بوو کە مەرامیان بووە بچنە ناو داعش، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردووەتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش.

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و هەستیاری کەیسەکان بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی هێڵدراونەتەوە. راشیگەیاندووە، دەستگیراوە بەسەر چەندین پارچە چەک و کەرەستەی تەقەمەنی و خۆکوژیی و خۆپارێزیی تەواوی دەستگیرکراون

ھەواڵی زیاتر