بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتى سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێڕاقییەکان بەگشتى و، لایەنە پێکهێنەرەکانى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن بەتایبەتى ڕوداوى دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێڕاق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان کە ئاڵۆزیەکان زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە.
پارتیمان، بە پەرۆشەوە لە ڕەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و، ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت و، بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ ڕێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە ڕوانگەى دەستوورى هەمیشەیی و، جێبەجێکردنى ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانى ڕێککەوتنى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت و کارنامەى حکومەتى فیدراڵى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجوومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى. هەروەها بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانى بونیاتنانى عێڕاقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەرى دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان
١٦ى ١١ى ٢٠٢٣