بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، شەوی رابردوو لە سەنتەری ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال بە درۆن ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال”یەبەشە” کرایە ئامانج دوو بەرپرسی هێزەکە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، عەقید لوقمان گلی، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند: “کاژێر 11:10ـی شەوی رابردوو بەهۆی مووشەکێکەوە کە لە رێگەی درۆنەوە ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس لە سەنتەری ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال کراوە، دوو بەرپرسی هێزەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) گیانیان لەدەستدا.”
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ئۆتۆمبێلە لە سەنتەری ناحیەی سنوونێ راگیراوە و ئەو دوو کەسەی تێدا بووە.
تورکیا بەردەوام لە شنگال و دەوروبەری بە درۆن مووشەک هێرشدەکاتە سەر هێزەکانی نزیک لە پەکەکە، لەوانە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال – یەبەشە.
لە ساڵی 2020 لە پێناوی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.
بڕگەکانی رێککەوتنامەی شنگال لە چەند تەوەرێک پێکهاتوون؛ لەوانە، تەوەری کارگێڕی، دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال، چاوخشاندنەوە بە یەکە کارگێڕییەکان و دیاریکردنی بەرپرسانیان لەخۆدەگرێت، لە تەوەری ئەمنیش، پۆلیس ئاسایشی نێو شار و شارۆچکەکان دەپارێزێت و هێزێکی پۆلیس بۆ ئەو مەبەستە دادەمەزرێندرێت، کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا، لەگەڵ تەوەری ئاوەدانکردنەوە، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، لە دیارترین خاڵەکانییەتی.
ژێدەر
رووداو