لەسەر گرتنەوەی ئاوی ھەردوو ڕووباری سیروان و زێی بچووک، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ ساڵی سێیەم لەسەریەك لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو رووباری سیروان و زێی بچوک دەگرێتەوە، داهاتی ئاوی كرد بە سفڕ، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو كردارە پێچەوانەی هەموو عورف و یاسایەكی نێودەوڵەتیە و ئاوی رووبارە هاوبەشەكان موڵكی هەردوو خەڵكی عێراق و ئێرانە، بەتەنها مافی هیچ كام لەو وڵاتانە نییە، لە هەمانكاتیشدا به گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بەسەدان هەزار ماسی لەناو چوون، سەرەڕای ئەوەی زیانێكی زۆری بەجووتیارانی ناوچەكە گەیاندووە، زۆربەی بەرهەمەكانیان وشك دەبن.
سەرباری ئەوەش دانیشتووانی قەزاى پشدەر كەبەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە ئاوی زێی بچوك بۆ خواردنەوە و پێداويستيیەکانى تر دەبەستن، بۆیە زۆر بە تووندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین لەسەر گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوک، ئەمەش وەك سزایەکە لەسەر خەڵک و جوتيارانى هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
2020/8/18