وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ رایگەیاند، ملیۆنێک و 250 هەزار کەس لە بەشەخۆراكی مانگانە دەسڕێنەوە.
موسەننا جەبار، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە (ئاژانسی هەواڵی عێڕاق)ی ڕاگەیاند: “نوێکردنەوەی زانیاریەکانی بەشەخۆراکی مانگانە و دروستكردنی كارتی زیرەكی بەردەوامی هەیە و لە پێنج پارێزگا لە کەرکووک، کەربەلا، موسەننا، نەجەف و دهۆک رێژەی نوێكردنەوەی زانیارییەكان گەیشتووەتە 98%.”
راشیگەیاند: “لە ئەنجامی پڕۆسەكەدا ناوی ملیۆنێك و 250 هەزار كەس لە بەشەخۆراكی مانگانە سڕاونەتەوە، ئەوانەی سڕاونەتەوە، ناوی مردوان و ناوی زیادە و ناوی ئەو كەسانەیە كە گەشتی دەرەوەیان كردووە و شایەتی بەشەخۆراك نین.”
گوتیشی: “بەپێی رێكارەكان لە کەرخ 80 هەزارکەس ناویان سڕاوەتەوە.”
بەپێی گوتەی بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی، لە داهاتوودا ئەوانەی بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت ژمارەیان زۆر زیاتر دەبێت.