ئاسایشی ئاکرێ لەبارەی ڕووداوەکەی دوێنێی قەزای بەردەڕەش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت” دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون”.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ ئەمشەو یەکشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە” کاتژمیر (٢:٢٠) خولەکی دواینیوەڕۆی دوێنێ تەرمی کارمەندێکی ئاسایشی شارۆچکەی بەردەڕەش، لەناو ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکراوە، لەوبارەیەوە ئاسایشی ئاکرێ و نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەردەڕەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو کەیسە دەستپێکرد”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ئەو کەیسە دوو کەس دەستگیرکراون بە ناوی(م.خ.خ) و (هـ.ر.ق)، دانیان بە تاوانەکانیان داناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی شارۆچکەی بەردەڕەش ڕاگیران و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی لیکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکان برایەک و هاوسەری کوژراوەکەن، بەڵام تائێستا لایەنەی فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.