بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی ھەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا رایدەگەیەنێت، پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی حاجیان زۆر بە سەرکەوتوویی بەرێوەچووە و رۆژانە لە نزیکەوە ئاگاداری ھەموو بنکەکانی تۆمارکردنی فۆرمی حاجیانن، بەردەوامیش لە رێگەی راگەیاندن و نووسینگەکانەوە ڕێنمایی و بەرچاوڕوونی بۆ ھاووڵاتیان دەخەنەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگاداری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە پێنجشەممە ٢٦/١٠/٢٠٢٣ کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمی حاجیان دەبێت.
ھەروەھا بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە باسی لەوەشکرد، کە ئەمساڵ رێککارەکانی حەج کردن لە سعوودیە پێشخراوە و ھەموو وڵاتان ئاگەدار کراونەتەوە، کە دەبێت بەر لە ساڵی ٢٠٢٤ رێککارەکان تەواو بکەن. بۆیە دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی ناونووسین بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی رێکخستنی ناوەکان و ئامادەکردنیان بۆ تیروپشک دەبێت.
لێرەوە داوا لە ھەموو ھاووڵاتیان دەکەین، ئەوانەی تاوەکوو ئێستا ناویان تۆمارنەکردووە تاوەکوو رۆژی پێنجشەممە سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومڕە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆییەکان بکەن. بە پێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە فۆرمی ناونووسینی حەج بەردەست نابێت.