لە یەكێك لە دیجیتاڵ میدیاکانی هەرێمی کوردستان، هەواڵێكی چەواشەكارانە و دوور لە ئەتەكێتی میدیایی بڵاو كراوەتەوە کە گوایە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بووە بە پارە و نرخی بۆدانراوە.
هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیادەكەینەوە ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بە خۆڕاییە بە شەو و بەڕۆژ لە تەواوی هەفتەدا، بە بێ هیچ نرخ و خەرجییەكە لە خزمەت هاووڵاتییاندایە.
لە هەمانكاتدا ڕایدەگەیەنین كە بە پێی ڕێنماییەكی وەزارەتمان ڕێگە دەگیرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە لایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی) و نرخەكان كەمكراوەتەوە و سنوورداركراوە و یەكخراوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.
جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە، بەكار هێنانی ئەمبوڵانسی حكومی بۆ نەخۆش لە هەموو هەرێمی كوردستان بە خۆڕاییە.
د. سەركار سورچی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
١٧ـی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣