له دهۆک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکدار دەکوژرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2023)، کاتژمێر 17:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەنێوان گوندی میسکا و دەرگەلێی سەر بە ناحیەی کانیماسێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و دوو چەکداری یاوەری کوژران.
پێشتر وهزیری بهرگری توركیا رایگهیاندبوو، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە 1 و 3 و 4 ـی تشرینی یهكهم بۆ عێراق و لە 5 و 6 و 8 ـیش بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدابوو.
وەزارەتی بەرگری تورکیا راشیگەیاندبوو، 15 ئامانجمان لە باکووری سووریا بۆردومانکرد کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە)ی لێیە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاندبوو، “دوو تیرۆریست” هێرشیانکردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە شاری ئەنقەرە؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا”.
دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرایکرد، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجام دراوە.
ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.