ژمارەی گیانلەدەستدان لە ڕووداوەکەی حەمدانییە بەرزبووەوە

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ھۆڵێکی ئاھەنگگیرانی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ١٢٢ کەس.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا لە ڕاگەیەندراوێکدا، دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکەی قەزای حەمدانییە بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئێستادا، ٢٠ لە بریندارانی ڕووداوەکەی قەزای حەمدانییە بەھۆی سەختی برینەکانیانەوە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا سێ برینداری دیکەی ڕووداوەکە، بەھۆی سەختی برینەکانیانەوە، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە ئێستادا، چوار لە بریندارانی ڕووداوەکە لە نەخۆشخانەی حەمدانییە، بریندارێکی دیکەی ڕووداوەکە لە نەخۆشخانەی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە مووسڵ، چوار برینداری دیکە لە نەخۆشخانەی ھەولێر و سێ برینداری دیکەیش لە نەخۆشخانەکانی دھۆک چارەسەر وەردەگرن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ھۆڵێکی ئاھەنگگیرانی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ١٢٢ کەس.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: “سامپڵی خوێنی کەسوکاری ئەو قوربانیانەی وەرگیراوە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەوان، بتوانین ناسنامەی قوربانیان ئاشکرا بکەین، چونکە تا ئێستا ژمارەیەک تەرمی ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکەدا، گیانیان لەدەستداوە، ناناسرێنەوە”.

ڕۆژی سێی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، تا ئێستا ١١٩ کەس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ھۆڵێکی ئاھەنگگیرانی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە.

درەنگانی شەوی سێشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە ھۆڵێکی ئاھەنگگێڕانی بووک گواستنەوەدا لە قەزای حەمدانییە سەربە پارێزگای نەینەوا، ئاگر کەوتەوە کە بەھۆیەوە بەسەدان کەس بوونە قوربانی.

ڕووداوەکە لەسەر ئاستی عێراق و جیھانیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و کەسوکاری قوربانییەکانیش داوا دەکەن ھەرکەسێک لە ڕووداوەکەدا، کەمتەرخەمبووە، بدرێت بە دادگا.

ڕۆژی ١ی ئەم مانگە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە، لیوا سەعد فالح ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، دەرکەوتووە کە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە ھۆڵێکی ئاھەنگگێڕانی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە، بەھۆی یاریە ئاگرینەکانەوە بووە.

ھەواڵی زیاتر