ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی (ناوك) ڕایگەیاند، شانۆگەریی كۆنگرەی پێنجی یەكێتیی رەتدەكاتەوە.
ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی (ناوك) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی بڵاکردەوە و ڕایگەیاند، هەلومەرج و شێوازی دانان و دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆنگرەی پێنج كە هیچ بنەمایەكی دیموكراسیانە و ئازادیی خۆكاندیدكردن و ئازادیی دەنگدانی تیا بەدینەكرا، رێگریكردن لەسەدان تێكۆشەرو كەسوكاری شەهید و خاوەنی راستەقینەی یەكێتی لە هاتنە ناو كۆنگرە، هەڕەشەكردن لە خاوەن دەنگی ناڕەزایی و ئەوانەی تێبینیان هەبوو لەسەر كۆنگرەكە و دواتریش ماجەرای بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە، كە كەمترین رەخنە و ئازادیی تیا بەدیكراو رێگەی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنیش بەكەس نەدرا، هەمووی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن لەسەر شكستی شانۆگەرییەكەی كۆنگرەی پێنج”.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ناوک
هەڤاڵان كەسوكاریی سەربەرزیی شەهیدانی یەكێتی
هەڤاڵان تێكۆشەرانی دێرین و سیاسەتمەدارانی ماندونەناسی یەكێتی
هەڤاڵان ئەندامانی راستەقینەو خەمخۆرانی یەكێتی
هەلومەرج و شێوازی دانان و دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆنگرەی پێنج كە هیچ بنەمایەكی دیموكراسیانەو ئازادیی خۆكاندیدكردن و ئازادیی دەنگدانی تیا بەدینەكرا، رێگریكردن لەسەدان تێكۆشەرو كەسوكاری شەهیدو خاوەنی راستەقینەی یەكێتی لەهاتنە ناو كۆنگرە، هەڕەشەكردن لە خاوەن دەنگی ناڕەزایی و ئەوانەی تێبینیان هەبوو لەسەر كۆنگرەكە و دواتریش ماجەرای بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە، كە كەمترین رەخنە و ئازادیی تیا بەدیكراو رێگەی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنیش بەكەس نەدرا، هەمووی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن لەسەر شكستی شانۆگەرییەكەی كۆنگرەی پێنج.
ئەگەرچی ژمارەیەكی بەرچاو لەو هەڤاڵانەی هەڵگری فیكر و هەڵوێستی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتین سەركەوتن بۆ سەركردایەتی، بەڵام بەداخەوە، بە شێوەیەكی گشتی پێدراوەكانی ناو كۆنگرە، سەلماندیان یەكێتی پاشەكشەیەكی جەوهەری و بنەڕەتی كردووە لەو بنەمایان پێشتر لەسەری دامەزرابوو و هەزاران شەهیدیش خوێنیان بۆ ڕشت وەك هەڵبژاردن و مافی خۆكاندیدكردن بۆ سەركردایەتی و ئۆرگانە جیاوازەكان، مافی رەخنەگرتن و هەڵوێست وەرگرتن و داڕشتنی پەیڕەو و پرۆگرامێكی تۆكمە و سەردەمیانە كە دەستوری بەڕێوەبردنی حزبن. یەكێتی نوێی ئەمساڵ، چیتر ئەو یەكێتیە دیموكراتخوازە و نیشتمان پەروەرە نیە كە زیاتر لە چوار دەیەیە لەسەری دەڕوا و خەڵك بۆ ئامانجە دیموكراسی و نەتەوەییەكان دەهاتنە ریزییەوە، ئێستا حزبەكە بەتەواوەتی دەستەمۆبووە لەدەستی چەند كەسانێك كە دوای روخانی رژێمی سەدام لە 2003ەوە لە خۆشیەكانی بەریتانیا و ئەوروپا گەڕاونەتەوە كوردستان و وەك كۆمپانیایەكی كەڵەكەكردن و كۆكردنەوەی سامانی ناشەرعی لەسەر حیسابی برسیكردنی میلەت، حزبەكە بەكاردەهێنن.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی یەكێتی…
ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی كەهەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە بەئامانجی هەستانەوە و بەدیموكراسی كردنەوە و بەهێزكردنەوەی حزبەكە و دورخستنەوەی نیشتیمانفرۆشان و گەندەڵكاران لە ناو هەناوی یەكێتی دروست بوە، هەست بە ئازارو خەم و پەرۆشی كەسوكاری شەهیدان و خاوەنەكانی دەكات بەرامبەر بەلاڕێدابردن و شێواندنی ناسنامەو شوناسی یەكێتی و هەروەها ئەو پەراوێزخستن و زوڵمەی لەزۆربەی كادیرانی كراوەو ئەو هەژموونە نادیموكراسیەشی بەسەریدا سەپێنراوە. هەر لەبەرئەوەش بەتەواوەتی كۆنگرەكە و ئەنجامەكانی رەتدەكاتەوە.
ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی بەرپرسانی پێشوی یەكێتی بەتایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵاو سەركردەو فەرماندە سەربازیە تێكۆشەرەكان بە بەرپرسیار دەزانێت بۆ ئەو چارەنوسەی یەكێتی تێیكەوتوە، داواش لەسەرجەم تێكۆشەران و نیشتمان پەروەران و سیاسەتمەداران و دیموكراسیخوازانی ناو حزبەكە دەكات هەرچی زووە هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ راستكردنەوەی هەڵە ستراتیژیەكانی ناو حزبەكە و هێنانەوەی حزبەكە بۆ سەر شانۆی نیشتمانپەروەری و تێكۆشان و پاك كردنەوەی سەركردایەتیەكەی لە كۆنە بەعسی و سیخوڕ و گەندەڵكاران و خەڵكی ناشایستە و نامۆ بە یەكێتی.
یەكێتی موڵكی هیچ بنەماڵەیەك نیە و هی كەسوكاری شەهیدان و تێكۆشەرانی راستەقینەی كوردایەتیە كە لەریزی ئەو حزبەدا خەباتیان كردوە، کەسی لێ زیادنیەو ناشبێ هیچ کەس بە زۆر لەحزبەکە وەدەربنرێن، چونکە زیان بەپێگەی و رۆڵی یەکێتی دەگەیەنێت.
ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی
ناوك
1ی ئۆكتۆبەری 2023