سەردانەكەی مەسرور بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی لە چارەسەركردنی كێشەكان دەبێ

ڕۆژنامەی فەرمیی عێراقی فیدڕاڵ رای دەگەیەنێت، سەردانەكەی هەفتەی رابردووی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، ڕۆڵێكی گەورەی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەبێت.

ڕۆژنامەی (الصباح)ی سەر بە حكوومەتی عێراق لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەو سەردانەی شاندی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی ئەنجام درا، ”هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.“

هاوكات لە زاری عەلی فەزلەڵا، شیكەرەوەی سیاسییەوە ڕوونی كردۆتەوە كە ئەو نزیكبوونەوەیەی لەم دواییە و بە تایبەتیش پاش سەردانەكەی مەسرور بارزانی و شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیداریان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی و بەرپرسانی دیكەی حكوومی و سیاسیی عێراقی، ”گۆڕانكارییەكی جۆری لە كاركردن لەسەر چارەسەركردنی تەواوی قەیرانەكان بە قەیرانی داراییشەوە دروست دەكات.“
باسیشی لەوە كردووە كە ئەم نزیكبوونەوەیە كاریگەری لەسەر سەقامگیریی دۆخی سیاسی دەبێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر كاركردنی حكوومەتی فیدڕاڵیش دەبێت، ”بەو هۆیەی سیستەمی عێراق پەرلەمانییە و حكوومەت پێویستی بە پشتیوانیكردنی چینی سیاسیی هەیە.“

هەمان ڕۆژنامە لە زاری نووسەرێك بە ناوی زیرەك ئەحمەدەوە بڵاوی كردۆتەوە، چەندە عێراق لە لایەنی بودجە و داهاتەوە فشار بخاتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ”زەرەرمەندی سەرەكی لە ململانێكە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران دەبن، چونكە قووت و بژێوییان لەسەر مووچەیە.“

جەختیشی كردۆتەوە كە جگە لە ڕێككەوتن بەپێی دەستوور و یاسای بودجە و دەرهێنانی قووتی خەڵك لە ململانێكان و تووڕەنەكردنی شەقامی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان، هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، ”بە تایبەتیش كە لە سەروبەندی هەڵبژاردنداین.“

ھەواڵی زیاتر