ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی خەواجە ئافتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری هەرێمیی دامەزراوەکە کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی کە ئەندامی بانکی نێودەوڵەتییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
پاشان بە چاودێریی سەرۆکی حکومەت، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری لە نێوان دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.
ئەم ڕێککەوتنە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە و دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات، بە دیاریکراوییش لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و وزەی نوێبووەوە .
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر