نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، “بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغدا دەکات”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هەوڵەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، رایگەیاند: “هەموومان هەوڵمان داوە (بۆ چارەسەرکردنی كێشەکە)؛ سەرۆکوەزیرانی خۆمان بە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە. بەندە خۆم بە بەردەوام لەسەر هێڵم”.
وەکو ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، “نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پابەندییەک لەسەری بووە، لەم ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەو پەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە؛ ئێمە پێشبینی دەکەین بەغداش بەو شێوەیە هەڵسوکەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات”.
بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، “مەسەلەی مووچە بابەتێک نییە، لە بنەڕەتدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت؛ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، وەکو بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات چارەسەربکات. هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لەسەر هێڵین و، بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن. هیوادارین ئەم کێشەیە و کێشەکانی دیکەش بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێن”.