مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەولێر لە وتەیەکدا گوتی: “بە تەماین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین”.
سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: “دەمانەوێت لەو سەردانەی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە”.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە هەندێک کێشە و گرفترەکان و رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا دا و گوتی: “ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و ئەو رێککەوتننانە پیمان وابووە دەبنە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت رێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جارێکی تریش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین”.