مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان سەردانی بەغدا دەکەین

ئەمرۆ چوارشەممە ١٣/٩/٢٠٢٣ مەسرور بارزانی، زەنگی دەسپێکردنی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەولێر لە وتەیەکدا گوتی: “پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین”.

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: “دەمانەوێت لەو سەردانەی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە”.

ھەواڵی زیاتر