هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لەسەر دۆخی کەرکووک و بوودجەی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن
لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت دا، دۆخی کەرکووک، ھەروەھا ڕێگاکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامیگریی شارەکە تاوتوێ کرا، جەختیش لەوە کرایەوە کە ئەگەر سەلمێنرا ھەر کەسێک تێوەگلاو بێت لە ڕووداوەکانی کەرکووک، ئەوا سزا دەدرێت.
لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت دا، دۆخی کەرکووک، ھەروەھا ڕێگاکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامیگریی شارەکە تاوتوێ کرا، جەختیش لەوە کرایەوە کە ئەگەر سەلمێنرا ھەر کەسێک تێوەگلاو بێت لە ڕووداوەکانی کەرکووک، ئەوا سزا دەدرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی میوانداری کۆبوونەوەیەکی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت (چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن)ی کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی ئامادەیبوون، دۆخی ئێستای پارێزگای کەرکووک و ڕێگاکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگاکە تاوتوێ کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت، سەرکۆنەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرکووکی کردووە بەهۆی ئەوەی بووەتە ھەڕەشە لەسەر ئاشتیی ھاووڵاتییان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە، هاوکات جەختی لەوەیشکردووەتەوە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک قبووڵ نەکراوە لەژێر ھەر بیانوویەکدا بێت و لەلایەن ھەر لایەنێکەوە بێت و پێویستە ھەموو لایەنەکان کاری لەپێشینەیان گرنگیدان بێت بە بەرژەوەندیی باڵای شارەکە و هاووڵاتییان،بە پێویستیشی زانیووە کە گفتوگۆ وەک کلیلی رەتکردنەوەی ناکۆکییەکان و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووک بمێنێتەوە.
وەکو لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: “ھاوپەیمانێتیەکە داوای پابەندبوون بە گفتوگۆیەکی نیشتمانیی دەکات کە پشتیوانی لە ئارامی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی لە پارێزگای کەرکووک بکات، چونکە سەرچاوەی ھێز و شانازییە بۆ ھەموو ئایین، نەتەوە و لایەنەکانی عێراق لە پارێزگاکەدا”.
بەپێی بەشێکی ڕاگەیاندراوەکە، ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێککەوتوون لەوانە، پێکھێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکووک و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان لە ھەموو پێکھاتەکانی پارێزگاکە و دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکان، لەسەرەتادا چارەسەرکردنی کێشەی بارەگاکە هەروەها ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئیداریی لە کەرکووک بە شێوەیەک کە ھاوسەنگی لەنێوان ھەموو پێکھاتەکانیدا بپارێزێت.
خاڵێکی دیکە کە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لەسەری ڕێککەوتوون بریتییە لە پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران محەمەد حەلبووسی بۆ پێکھێنانی لیژنەیەک لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە پێناو لێکۆڵینەوە لە ڕاست و دروستی ڕووداوەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتیی و سزادانی ھەر کەسێک کە سەلمێنرا تێوەگلاوە لە ڕووداوەکان و سەر بە ھەر لایەنێک بێت.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا لەسەری ڕێککەوتوون بریتییە لە پابەندبوونی لایەنەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە کارنامەی حکوومەتەکەی سوودانی دا جێگیرکراوە و لەگەڵ دەستوور و یاسادا ھاوسەنگە و لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر دراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەیشکراوە کە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی شەڕی میدیا و دەست بە گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا و بۆچوونەکان لە نێو ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ھەروەھا پابەندبوون بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەو شێوەیەی کە بڕیارە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و دەبێت ھەڵبژاردنەکە لە پارێزگای کەرکووکیش ئەنجام بدرێت.
ھەروەھا ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێککەوتوون لەسەر پاڵپشتیکردن لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق.
دوێنێ شەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بڕیاریدا لیژنەیەک لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداوچوون لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک پێکبھێندرێت، ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕاسپاردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داھاتی نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، بانگھێشتی وەزیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان و عێراق بکات.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی کە بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە لەگەڵیاندابوون لە ڕۆژی ٢٨ی ئابەوە تا ٢ی ئەم مانگە، دژبە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگای سەرەکی نێوان شاری کەرکووک و ھەولێر-یان داخستبوو.
دواتر ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، ھاووڵاتییان کوردی کەرکووک، وەک ناڕەزایی لەدژی داخستنی ئەو رێگایە، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا ڕوویدا و ئاڵۆزی دروست بوو کە بەھۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ی دیکەیش برینداربوون.
ھاوکات ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای کرد کە لیژنەیەکی بێلایەن لە نوێنەرانی ھەردوو حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شاری کەرکووک پێکبھێندرێت.
هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بریتین لە هەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن.