یەكێتی لە كۆنگرەی پێنجەمدا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ نزیكەی (50) ئەندام كەمدەكاتەوە، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی چۆن یەكلادەكرێنەوە؟ كێ دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی؟ چارەنووسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی چی لێدێت؟ سەرۆكی یەكێتی جێگری دەبێت؟ ئەگەر هەبێت جێگرەكان كێ دەبن؟
یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 27ی ئەیلولی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت، ئەمە دەبێتە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، دواین كۆنگرەی یەكێتیی لە كۆتا رۆژەكانی 2019دا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانیدا جەختیان لەسەر بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم كردەوە.
كۆنگرەی یەكێتی
بە پێی مادەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی” كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتەو هەر چوارساڵ جارێك دەبەسترێت”، واتا كۆنگرەی پێنجەم دەبێتە تاكە كۆنگرەی یەكێتی كە بەر لەوادەی خۆی بەڕێوە بچێت،
بەپێی مادەی (15)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ئەندامانی كۆنگرە پێكدێن لە:
– ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە لە ئێستادا (عومەر شێخ مووس و فوئاد مەعسوم) لە ژیاندا ماون
– پێشمەرگەكانی ساڵی 1976
– ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی (121) هەڤاڵ
– ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە (9) ئەندامن بە سەرۆكەوە.
– ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆنگرەكانی پێشوو كە لە ریزەكانی یەكێتی لە خەبات بەردەوامن.
– ئەندامانی تری كۆنگرە بە هەڵبژاردن دەبن.
تەلار لەتیف وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاردراوە (600) كەس دەبنە ئەندامی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتی قسەیكردووە، لە كۆنگرەی پێنجەمدا ئەوەی تا ئێستا باسی لێوە دەكرێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی لە (121) ئەندامەوە كەمدەكرێتەوە بۆ (51) ئەندام بە سەرۆكەوە، واتا (70) ئەندام كەمدەكرێتەوە، لە كۆنگرەدا سیستەمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوەو ئەنجومەنی باڵای سیاسی كارادەكرێت و دەسەڵاتی زیاتری پێدەدرێت.
چارەنووسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی
ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا درووستكراو لە سەرۆكێكو (8) ئەندام پێكدێت، بڕیارە لە كۆنگرەی پێنجەمدا دەسەڵاتی زیاتر بكرێت ئەكتیف بكرێت و ژمارەی ئەندامانیشی زیاد بكرێت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا دەست (درەو) كەوتووە، باس لە دوو سیناریۆ دەكرێت:
سناریۆی یەكەم: كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەك سەرۆكی ئەنجومەنەكە بەردەوام دەبێت و جێگری بۆ دیاری دەكرێت و كارا دەكرێت، بە كۆمەڵێك دەسەڵاتەوەو ناوەكەشی دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی دانایان.
سیناریۆی دووەم: هەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنەكە و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنەكە رێزلێنانیان بۆ دەكرێت و هەر یەك لە بەرهەم ساڵح یان مەلا بەختیار دەكرێنە سەرۆكی ئەنجومەنەكەو ئەندامێكی تری بۆ زیاد دەكرێت، ئەم سیناریۆیەیان زیاتر باس دەكرێت.
سەرۆكی یەكێتی
لە كۆنگرەی پێنجەمدا بە تەواوی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەگەرچی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە سیستمی هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا بەشێوەیەكی كرداریی هەڵوەشایەوەو بافڵ تاڵەبانی دوای كۆنترۆڵكردنی دەزگا ئەمنیو هەواڵگرییەكان لاهور شێخ جەنگیی دروخستەوە، بەڵام لە فۆرمو لەڕووی یاساییەوە هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا هەر بەردەوام بوو، رۆژی 28ی ئایاری 2022 یەكێتیی “دیدار”ی بەست، لەم دیدارەدا بە فەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناسێندرا، بەڵام دیدارەكە نەیتوانی لەڕووی یاساییەوە شوێنی كۆنگرە بگرێتەوە، بۆیە لاهور شێخ جەنگیی هەر بەردەوام بوو لەسەر هەوڵە یاساییەكانی لە هەولێرو بەغدادەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەرۆكییەكەی، ئەم هەوڵانە بێ ئاكام مانەوە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی بەپلەی یەكەم بۆ كۆتایهێنانە بە هەموو ئاسەوارەكانی هاوسەرۆكایەتییو دورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی لەریزەكانی یەكێتییو یەكلاكردنەوەی حزبەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەوەی تا ئێستا باس دەكرێت سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی یەكێتی باس لە دوو سیناریۆ دەكرێت:
سیناریۆی یەكەم: بافڵ تاڵەبانی لە كۆنگرەدا دەكرێتە سەرۆكی یەكێتی و بە بێ هیچ جێگرێك.
دووەم: بافڵ تاڵەبانی لە كۆنگرەدا دەخرێتە دەنگدانەوەو هاوشێوەی مام جەلال بە چەپڵە رێزان دەكرێتە سەرۆك، بافڵ تاڵەبانیش پێشنیاز دەكات بۆ راپەڕاندنی كارەكانی سێ جێگری هەبێت ئەوانیش (قوباد تاڵەبانی، شاڵاو كۆسرەت رەسول، رەفعەت عەبدوڵا) بە پێشنیازی بافڵ تاڵەبانی ئەوانیش دەنگیان پێدەدرێت و دەبنە جێگری سەرۆكی یەكێتی.
ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كێ دەبن؟
ئەوەی تا ئێستا باس دەكرێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بۆ نزیكەی (50) ئەندام كەمدەكرێتەوەو بە سەرۆكەوە دەبێتە (51) ئەندام، دواتریش لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی (17) ئەندام بۆ مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن و لەناو ئەوانیش (7) ئەندام بۆ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی.
ئەوانەی دەبنە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كێ دەبن؟ (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد، هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ئەندامانی سەركردایەتی پێشتر رەزامەندیان لەسەر دەدرێت و هاوشێوەی كۆنگرەكانی پێشووی یەكێتی و بەشێك لە حزبەكان بە لیست دەبێت، ئەوەی تا ئێستا ناویان دێت لەناو لیستی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیدا لەناو كۆنگرەی پێنجەم بەم شێوەیە دەبێت:
• بافڵ تاڵەبانی
• قوباد تاڵەبانی
لە سنوری شاری سلێمانی
• شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
• سەركەوت زەكی
• تەلار لەتیف
• زیاد جەبار
• هاوڕێ دارا
• ئاوات محەمەد
لە سنوری شارەزوور
• وەهاب هەڵەبجەیی
• سالار سەرحەد
• شێخ ئەحمەد
لە سنوری گەرمیان
• عیماد ئەحمەد
• شێركۆ میروەیس
• تابان تاڵەبانی
• پۆلا سیروان تاڵەبانی
رابیحە حەمەد بەغدا
سنوری پارێزگای كەركوك
• ئاسۆ مامەند
• رەفعەت عەبدوڵا
• رزگار حاجی
• سترانە عەبدوڵا
• رێبوار تەها
• دابان شەدەڵە
• خاڵە كاكەمەند
• یوسف گۆران
• خالید شوانی
• پۆلۆ عەسكەری
• فریال عەبدوڵا
• فەهمی بورهان
سنوری پارێزگای هەولێر
• دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
• شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ
• رێواز فایەق
• د. مەجید حەمە ئەمین
• بوهان سەعید سۆفی
• فەرید ئەسەرد
• هەرێم كەمال ئاغا
• د. شەونم
• عەباس فەتاح
• د. دارا رەشید
• فەیسەڵ كەریم خان
سنوری پشدەرو بتوێن
• ئەحمەد زرار
• بێگەرد تاڵەبانی
• پەروین بابەكر
سنوری بادینان
• ئاراس ئاغا
• ئەمین بابەشیخ
دیاریكردنی ئەو ناوانە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و پەیوەندی (درەو) بووە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتی، هەرچەندە بەشێكیان باسیان لەوە كرد چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە گەنجەكان و پەرلەمانتاران ناویان لە لیستی سەركردایەتی یەكێتی هەبێت و ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و تا نزیكی رۆژی هەڵبژاردن گۆڕانكاری لە ناوو لیستی ئەنداماندا بكرێت، بۆیە بەشێك لە سەركردە بە ئەزموونەكانی یەكێتی خۆیان بەدوور دەگرن لەوەی لەناو كۆنگرە خۆیان هەڵبژێرن، پێش كۆنگرە رێككەوتن نەكرێت ناچنە ناو كۆنگرەوە، چونكە هیچ كەس زەمانەتی دەرچوونی نیە، تا بە تونێلی بافڵ تاڵەبانیدا تێپەڕ نەبێت.
ئەنجومەنێك بۆ تێكۆشەرەكان
ئەوەی لە ئێستاوە دەردەكەوێت بەشێكی زۆری سەركردایەتییەكانی یەكێتی ناتوانن سەركەون یان نایانەوێت بچنە هەڵبژاردنەوە بۆ سەركردایەتی یەكێتی، بۆیە ئەنجومەنێكیان بۆ درووست دەكرێت بەناوی (ئەنجومەنی تێكۆشەران)، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی دەڵێت:” لە كۆنگرە ئەنجومەنێكی كارا لە هەڤاڵانی تێكۆشەر دروست بكەین كە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی كارەكانمان”.
بە پێی بەدواداچوونەكان ئەو ئەنجومەنە هاوشێوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دەبێت و ژمارەیان (80 بۆ 100) ئەندام دەبێت، ئەم ئەنجومەنە بۆ بەشێك لەو ئەندامانەی سەركردایەتی و پێشمەرگەی دێرین و سەركردەی دێرینی یەكێتی دەكرێتەوە، لە پێناو كەمكردنەوەی بەشێك لە ناڕەزاییەتیەكان، چونكە یەكێتی دەیەوێت كەمترین ناڕەزایەتی و زیان بكات لە كۆنگرەی پێنجەم، لەبەر ئەوەی دوو هەڵبژاردنی چارەنووسازی لە پێشەوەیە، 18/12/2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و چارەنووسی یەكێتی لە كەركوك، 25/2/2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چارەنووسی یەكێتی لە هەرێمی كوردستان.