ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “وەزارەتی دارایی و ئابووری نووسراوی فەرمی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی گرێبەست”.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، “بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 هیچ وانەبێژێکی نوێ دانانرێن و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان بە نووسراوی فەرمی لەوبارەوە ئاگادارکردوونەتەوە”.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر لە قوتابخانەیەک کێشەی کەمی وانەبێژ هەبوو، چــۆن چارەسەری ئــەو کێشەیە دەکــرێت؟ د. ئالان حەمە سەعید گوتی: “بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن”.