سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا كرد .
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە ، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت ، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پڕۆژەی ناسراو بە ( ڕێگەی پەرەپێدان) و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت، دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیکردن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت .
وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی .
پاشان سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، جەختیان لە برەوان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگیی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە .