بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، شەوی رابردو نیاز دەرگەڵەیی لە روداوێکی نادیاردا گیانی لەدەستداوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، “کاتژمێر 10:00ی شەوی رابردو تەرمی هاوڵاتی (نیاز جلال بەگ) ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە ڕوداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تەرمی ناوبراو گەیەندرایە پزیشکی دادی ڕانیە و پشکنین بۆ تەرمی ناوبراو ئەنجامدرا و دەرکەوت شوێنەواری سێ گوللە بەجەستەیەوە هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، “بەوتەی کەسوکاری، روداوەکە لە کاتێکدا بوە کە ناوبراو لە ڕانیە سەر ڕێگای سەرەکی قورەگۆ بۆ پشو سەردانی باغەکەی کردوە و لە ئەنجامدا لە ڕوداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە”. ئەوەشی خستوەتەڕ، رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. پێشتر برازایەکی نیاز دەرگەڵەیی، کە شەوی رابردوو لە روداوێکدا تیرۆرکرا رایگەیاندبوو، نیاز دەرگەڵەیی سێ گوللە بە جەستەوەیەتی و لە راپۆرتی پزیشکی دادوەریشدا پشتڕاستکراوەتەوە، دەشڵێت، “پێمانوایە کە ئەو کارە تیرۆریستییە” چونکە وەکو خۆی دەڵێت، یەکێک لەو شانازییانە کە پێیانبڕاوە تائێستا هیچ جۆرە ناخۆشییەکیان لەگەڵ هیچ کەس و بنەماڵە و عەشیرەتێکدا نەبوە تاوەکو گومانیان هەبێت کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەم کارە کرابێت.